دادگای فیدراڵی دەربارەی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

دادگای فیدڕاڵی بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراوە. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی تاوتتوێی ئەو سکاڵایە بکات کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێڕاق و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ناوەڕۆکی سکاڵاکە بریتییە لەوەی سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە ماددەکانی 1، 15،9 ، 22 ، 36 لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق (یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992) بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و داوادەکەن کەمبکرێتەوە،  هاوکات داوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی دەکەن. سکاڵاکە زیاتر لە شەش مانگە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراوە، تاکو ئێستا چەند جارێک دادگاکە ئەو دانیشتنەی دواخستووە.