بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەغداد حەوت ئەفسەر بونە قوربانی

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە حەوت ئەفسەر لە تەقینەوەیەکدا بوونەتە قوربانی.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەمڕۆ سێشەممە ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی لە جبەخانەیەک لە ناوچەی بۆگانتۆس لە ناوچەی تارمیەی باکووری بەغداد تەقینەوەیەک ڕوویداوەو سێ ئەفسەر گیانیان سپاردووە و چواری دیکەش برینداربوون.

هەر لە ڕاگەیاندنەکە هاتووە، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بە دواداچوون بۆ ڕاستییەکان دەکەن.

هەروەها دەنگۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕەتیکردووەتەوە، گوایە تەقینەوەکە بەهۆی کردەیەکی تیرۆریستییەوە بووبێت یان شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ تیرۆریستان ڕوویدا بێت.