هەناردەکردنەوەی نەوت لە عێراق بۆ سووریا دەستپێدەکاتەوە
بەپێی سەرچاوەکان لەحکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکات بۆ سووریا.
ئەمرۆ هەینی 3ـی کانونی دووەمـی 2025، پێگەی عەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكات بۆ سووریا، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە حکومەتی عێراق لەلایەن هەریەکە ئەمریکا و تورکیاوە، گفتوگۆی لەگەڵ کراوە، سەبارەت بەگرنگی ڕێکخستنی دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، حكومەتی عێراق دەیەوێت پشت بە میكانیزمێكی نوێ ببەستێت كە زۆر وردتربێت بۆ گەیاندنی نەوت بە دیمەشق، بەڵام حكومەتی عێراق تائێستا هیچ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی ئەم پرسەوە نییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حكومەتی عێراق لەدوای كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، هەناردەی نەوتی بۆ سووریا ڕاگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییەی لەو وڵاتە ڕوویدا، بەر لەكەوتنی ئەسەد، عێراق ڕۆژانە نزیكەی 33 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی سووریا دەكرد، ئەمە جگە لە ناردنی 120 هەزار تەن نەوتی ڕەش بەشێوەی مانگانە.