ئایدن مەعروف: نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان

ئایدن مەعروف رایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵدەدرێت سیستمی کۆتا بگەرێنرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، پێشبینیش دەکەن لە ماوەیەکی کەمدا کورسی کۆتاکان بگەرێنرێتەوە و پارتی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سیستمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی بەرچاوی لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دروست کرد.

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە پێکهاتەکان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نادەستوریی بوو و دژی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەوەستێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن نچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدرێت دوبارە سیستمی کۆتا بگەرێنرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، هەمو لایەنێک دەزانن هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ناکرێت، چونکە پارتێکی سەرەکی هەرێم بەشداری لە پڕۆسەکە ناکات.

ئایدن مەعروف وتی، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا سیستمی کۆتا بگەرێنرێتەوە و پارت و حزبی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن."