بانکی ناوەندی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار روونکردنەوە دەدات

بانکی ناوەندیی عێراق، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار، لە بۆرسەی ناوەندی و بازاڕە ناوخۆییەکان، بڵاوکردەوە و جەختی لە نرخی فەرمیی دۆلار کردەوە.

بانکی ناوەندی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە بانکەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی داواکاری یاسایی کڕینی دۆلار لەرێگەی سەکۆ فەرمیی و مۆڵەتپێدراوەکانەوە بە نرخی فەرمی بانک کە (1320) دینارە بۆ هەر دۆلارێک.

بانکی ناوەندیی عێراق داواشی لە هاووڵاتییان کردووە، هەر كەسێك لە چەند رۆژی رابردوودا، لەو نرخە زۆرتری بە دۆلار داوە، لە ڕێگەی ئەو ئیمەیڵەوە داوای قەرەبوو بكاتەوە: banking.awareness@cbi.iq

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی خێرای تۆمارکرد و نرخی ئەمڕۆی 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار دیناری عێراقی.

ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە گەنجینەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە 19ی تەمموز، سزای بەسەر 14 بانکی عێراقیدا سەپاند، لە هەڵمەتێکدا بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە ئێران.