ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ڕایگەیاند کە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا لەلایەن ئەمریکاوە، پێچەوانەی ئەو ھەوڵانەیە کە لە پێناو بەدیھێنانی ئاشتییدا خراونەتەگەڕ.
ماریا زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە دوایین پێشھاتەکان کرد، بەتایبەتیش جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی ئەمریکا لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا ئەنجامی دەدات، پێچەوانەی ئەو ھەوڵانەیە کە لە ڕێگای سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە پێناو بەدیھێنانی ئاشتییدا خراونەتەگەڕ.
ماریا زاخارۆڤا سەبارەت بە لێدوانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لەبارەی جێگیركردنی ھێزی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا، وتی: “ئیمانوێل ماکرۆن ھەستی خۆی لەسەر واقیع لەدەستداوە، چی دیکە لە دۆخی ئێستا، تەنانەت ڕەوتی ڕووداوەکانی جیھان تێناگات”.
وتیشی، “جێگیركردنی ھێزی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا بە مانای دەستێوەردانی سەربازی دەرەکی دێت و دەبێتە مایەی زیادبوونی گرژییەکان، ھەروەھا مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ناتۆ و ڕووسیا زیاد دەکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەم دواییانە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ھەڵپەساردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئۆکراینا لە بوارەکانی سەربازیی و ھەواڵگریی ھەڵوەشاندەوە.