رێگا چارەی کێشەی مووچە راگەیەندرا

بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، بە هەمواركردنی دوو بڕگەی یاسای بودجە كێشەی مووچە و نەوتی هەرێم چارەسەر دەبێت.

فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، پێویستە بڕگەی خەرجیی راستەقینە “الانفاق الفعلي” لە بودجە لاببرێت، چونكە یاسای بودجە لە بنەڕەتدا گریمانەییە، بۆیە لەڕووی یاساییەوە ناكرێت ئەو وشەیە بەكاربهێندرێت.

وتیشی، “بڕگەی دووەم كە پێویستە هەمواربكرێت پەیوەندیدارە بە بەرهەمهێنانی نەوت”.

ئەگەر حكومەت رەزامەند بێت لەسەر هەمواری بڕگەی 11 و وشەی خەرجیی راستەقینە لاببات، سەرجەم كێشەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم چارەسەردەبن، فازڵ نەبی وای وت.

دووپاتیشیكردەوە، مووچەی فەرمانبەران پێویستە لە خەرجیی راستەقینە جیابكرێتەوە، بەمە كێشەی مووچە چارەسەردەبێت، بڕگەی دووەمیش تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێم، تێچووەكەی زۆرە و كوردستان لە دۆخێكی دیاریكراودا گرێبەست و رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت ئەنجامداوە، بۆیە تێچووی بەرهەمهێنان زۆرە.

رۆژی شەممە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی پەیوەست بە مووچە، بودجەی هەرێم و پرسی نەوت گەیشتە بەغداد و دوێنێ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێكرد.