کۆشکی سپی: ئەمەریکا هێز رەوانەی ئۆکرانیا ناکات

ئەمەریکا جەخت دەكاتەوە تەنها بەچەك و تەقەمەنی پاڵپشتی دارایی هاوكاری ئۆكرانیا دەكەن و مۆسكۆش ھۆشداری توندی ئاڕاستەی وڵاتانی رۆژئاوا دەكات. ئەدریان واتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، رایگەیاند: جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا، رەتیکردوەتەوە هێزی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا لە ئۆکرانیا رەوانە بکات. وتیشی: تاكە رێگا بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا، پێویستە سەرۆكی ئەمەریكا رەزامەندی کۆنگریسی وڵاتەکەیەتی، بۆ پەسەندکردنی پاکێجی هاوکارییە سەربازییەکان، وەربگرێت. لای خۆشیەوە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، تەنها لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ پایتەختی ئۆكرانیا سەربازی ئەمەریکی بوونیان هەیە كە چاودێری ئەو کەرەستە سەربازییانەیە دەكەن لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە رادەستی ئۆکرانیا دەکرێن. سەبارەت بە ناردنی ھێز بۆ ئۆکرانیا، مۆسكۆ ھۆشداری توندی ئاڕاستەی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملن رایگەیاند: ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوادا نابێت و ئەگەری رووبەرووبوونەوەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.