مەسرور بارزانى: داوا لە حکومەتى فیدراڵ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەم هەڵوێستى توندیان هەبێت

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەبەرامبەر ھێرشەکەی سەر ھەولێر ھەڵوێستی توندیان ھەبێت و لەسەر ئەو ستەمکاریەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەپەیامێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر ھەولێری کرد و ئاماژەی بەوەشکردوە، ھێرشەکەی ھەولێر بێ پاساوە و شەھید و برینداری لێکەوتووەتەوە، بۆیەش داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات ھەڵوێستی توندی ھەبێت بەرامبەر بەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە سەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

پەیوەست بە ھەوڵەکانیش بۆ راگرتنی ھێرشەکان، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەی خستوەتەڕوو، لە رۆژانی داھاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن لە پێناو کۆتاییھێنان بەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان.