هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت داوا له‌ وڵاتان ده‌كات رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگرن

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق، کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دەکرێت رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی لایەنەکان کە لە کۆشکی حکومی ئەنجامدرا، دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دەکرێت رەتدەکەنەوە، داواش دەکەن رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت و ئاسایشەکەی رووبەرووی مەترسی نەکرێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە پێناو درووستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵیان و کۆتایی هێنان بە ئەرکی تایبەت بە هاوکاریکردنی عیراق لە جەنگی دژ بە داعش.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لایەنەکان پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن لە روی گەشەپێدان و چاکسازی ئابووری و پڕۆژە و پلانەکان لە هەمو کەرتەکان، بە شێوەیەک لە خزمەتی گەلی عێراقدا بێت، هەروەها پێویستە بە زوترین کات سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵببژێردرێت، بۆ ئەوەی پابەندبون بنەما دەستوورییەکان بپارێزرێت.

لە راگەیەنراوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باس لەوەشکراوە، بە گرنگی دەزانن بە زوترین کات ئەنجومەنی پارێزگاکان پێکبهێنرێن و پارێزگاریان بۆ هەڵبژێردرێت، لە پێناو گرەنتیکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.