وادەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وادەی كەوتنەبوار و جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشكرا كرد.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە ڕوڤیا رایگەیاند: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا فەرمانبەران زەوی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت، لەو کاتەوە ھەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.

راشیگەیاند: ئێستا پڕۆسەكە لەدوا قۆناغدایە و ھەندێک شارەوانی کاری خۆیان تەواوکردووە و زەوی و نەخشەکانیان ئامادەکراوە و چاوەڕێین لیستی ناوەکان تەواوی فەرمانبەران بگاتە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

هەروەها رایگەیاند: ئێستا لیستی ناوی بەشێک لە وەزارەتەکان گەیشتووەتە لای ئێمە، ئێمەش بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرین بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی بۆ دەربچێت، دوای ئەوەش دەست دەکەین بە قۆناغی گەڕانەوەی ناوەکان و وردبینیکردنیان.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا كە چاوەڕوان دەكرێت لەدوو ھەفتەی داھاتوودا لە ھەندێک لە شارەوانییەکان دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بکرێت بەسەر فەرمانبەراندا.