وەزارەتی دارایی عێراق مەرجی ناردنی مووچە و بودجە بۆ هەرێم ئاشكرادەکات

وەزیری دارایی عێراق له‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هەرێمی كوردستان بۆ 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لە پشكی خۆی لە بودجە وەرگرتووە. هەروەها پشكەكەی بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵیش ترلیۆنێك و 500 ملیار دینارە.

بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبوونی ئەندامەكانی میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی كرد.

وەزیری دارایی سەبارەت بەمووچەی فەرمانبەران لە پەیامێكدا رایگەیاندوە، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە پشكی خۆی لە بودجەدا پارەی بۆ نێردراوە، هەروەها بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ پشكی هەرێم ترلیۆنێک و 500 ملیار دینارە.

باسی لەوەشكردووە، پێویستە حكومەتی ھەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێبكات و ئەوەش بە رادەستکردنی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان و ئاشکراکردنی راستی قەبارەی پارەی بەدەستھاتووی داهاتەكان دەبێت.

راشیگەیاندووە، كاتێك پشكی هەرێم دەنێردرێت كە عێراق بتوانێت تەواوی بودجەی خۆی خەرجبكات و بەو پێیەی بودجەی بوارەكانی دیكە خەرجنەكراوە و هەربۆيە هەرێم بۆ ئەم سێ مانگە 500 ملیار دینار زیاتری بەرناكەوێت، ئەگەر دوای پاكتاوەكان هەرێمی كوردستان مافی زیاتری هەبوو بۆی رەوانە دەكرێت.