دادگەی فیدراڵی لەبارەی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگەی فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵاى ژمارە 83ـی فیدراڵى دەکات، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانى لە خولی پێنجەم و ئامانج نەجیب ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای سلێمانی لەفراکسیۆنی یەکێتی تۆمار کراوە.

سکاڵاکە لەسەر سەرۆکى پەرلەمانی کوردستان-عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لەبارەی نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 15، 22، 36)، یاساى هەڵبژاردنى ژمارە یەکى ساڵى 1992ى پەرلەمانى کوردستان-عێراق.

سکاڵاکان پەیوەندى بە بابەتى سیستمى بەرێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق و کورسى کۆتاکان هەیە، کە هەردوو سکاڵاکار ئەمڕۆ لەبەردەم دادگاى فیدراڵى ئامادە دەبن و داواى ئەوە دەکەن، کە سیستمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت، لەگەڵ دابەشکردنى کورسى کۆتاکانیش بەسەر بازنەکاندا.

پێشتر دادگای فیدڕاڵی چەندجارێک دانیشتنەکانی خۆی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە کە زیاتر لە حەوت مانگە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراوە، لە کۆتا دانیشتنتی تایبەت بەو سکاڵایە کە لە رۆژی 21ی مانگی کانوونی دووەمبەڕێوەچوو، دادگای فیدڕاڵی بڕیاردانی ئەو سکاڵایەی دوواخست بۆ ئەمڕۆ 4ی شوباتی 2024.