ئاماری ڕووداوه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ڕاگەیەندرا

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ كاتی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵدا له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق تۆماركراون و پشتڕاستیكرده‌وه‌، شه‌وی ڕابردوو زیاتر له‌ 200 بریندار له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆدا تۆماركراون.

سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ڕایگه‌یاند، برینداری یارییه‌ ئاگرینه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ بریتی بوون له‌ برینداربوونی سوتان و برینداربوونی ڕاسته‌وخۆی چاو و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند كه‌سێك به‌برینداری گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ برینداری گوللـه‌ن و دۆخی ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان تۆمارنه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك بریندار دۆخی ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ ئاماده‌باشیدایه‌، به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ دوێنێوه‌، له‌ سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی فریاكه‌وتن له‌ ڕێگه‌ی بوونی پزیشكان و پسپۆڕانی تایبه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان".

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ڕووی دابینكردنی پێداویستیی پزیشكییه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ستافی جۆراوجۆر ڕووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری خێرا و فریاگوزاری".

ئاشكراشیكرد، "كۆی گشتی برینداره‌كان به‌هۆی یارییه‌ ئاگرینه‌كانه‌وه‌ 143 كه‌س بوون، برینداربوونی ته‌قه‌ 40 كه‌س بوون، ڕووداوی هاتووچۆ 203 كه‌س بوون، برینداری هه‌مه‌جۆریش 178 كه‌س بوون له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان".