ئاماری ڕووداوه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ڕاگەیەندرا
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئاماری ڕووداوه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ڕاگەیەندرا

ئاماری ڕووداوه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ڕاگەیەندرا

كانونی دووه‌م 1, 2025 14:07
ئاماری ڕووداوه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ڕاگەیەندرا
0

لایک

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ كاتی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵدا له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق تۆماركراون و پشتڕاستیكرده‌وه‌، شه‌وی ڕابردوو زیاتر له‌ 200 بریندار له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆدا تۆماركراون.

سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ڕایگه‌یاند، برینداری یارییه‌ ئاگرینه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ بریتی بوون له‌ برینداربوونی سوتان و برینداربوونی ڕاسته‌وخۆی چاو و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند كه‌سێك به‌برینداری گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ برینداری گوللـه‌ن و دۆخی ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان تۆمارنه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك بریندار دۆخی ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، “وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ ئاماده‌باشیدایه‌، به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ دوێنێوه‌، له‌ سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی فریاكه‌وتن له‌ ڕێگه‌ی بوونی پزیشكان و پسپۆڕانی تایبه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان”.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ “وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ڕووی دابینكردنی پێداویستیی پزیشكییه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ستافی جۆراوجۆر ڕووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری خێرا و فریاگوزاری”.

ئاشكراشیكرد، “كۆی گشتی برینداره‌كان به‌هۆی یارییه‌ ئاگرینه‌كانه‌وه‌ 143 كه‌س بوون، برینداربوونی ته‌قه‌ 40 كه‌س بوون، ڕووداوی هاتووچۆ 203 كه‌س بوون، برینداری هه‌مه‌جۆریش 178 كه‌س بوون له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان”.

En az 10 karakter gerekli