سوودانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا کۆبووەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوودانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا کۆبووەوە

سوودانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا کۆبووەوە

ته‌مموز 19, 2023 14:34
سوودانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا کۆبووەوە
0

لایک

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا رایگەیاند کە کار دەکەن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، بەجۆرێک گونجاوبێت لەگەڵ قۆناغی دوای شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، سێباستیان لێکۆرنو و شاندی یاوەریی.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا تاوتوێ کراوە بەتایبەتی لە بواری ئەمنییدا، ئەوەیش لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ پێشکەشکردنی راوێژ، مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لەسەر بەردەوامیدان بە ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری پڕچەککردن و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ھەواڵگرییەکان.

لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی پاڵپشتیی فەڕەنسا بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە و ئاماژەی بە (رێککەوتنامەی ھاوبەشی ستراتیجیی) کردووە کە لە میانی سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا لە کانوونی دووەمی رابردوودا، لەنێوان ھەردوو وڵات واژوو کرا و رایگەیاندووە کە رێککەوتنامەکە، نەخشەڕێگایەکی روونە بۆ گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا لە بوارەکانی ئابووریی، ئاسایش، وزە، رۆشنبیری و فێرکردندا.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە کە کار دەکەن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، بەجۆرێک گونجاوبێت لەگەڵ قۆناغی دوای شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەو پێیەی لەم قۆناغەی ئێستادا، توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، پێشڤەچوونی باشی بەخۆوە بینیوە.

محەمەد شیاع سوودانی، ھەروەھا باسی لەوە کردووە کە گرنگی زۆر بە پرسی پڕچککردن، مەشق و راھێنان دەدەن و رایگەیاندووە کە خواستیان ھەیە، ھاریکارییان لەو بوارەدا لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکاندا ھەبێت، بە تایبەتی لە بواری ھێزی ئاسمانیی، سیستەمی بەرگریی، پیشەسازیی جەنگیی و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھاریکارییەکانی عێراق لەگەڵ فەڕەنسا، تەنھا لە بواری ئەمنییدا سنووردار نییە، بەڵکو ژمارەیەک بواری دیکە دەگرێتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا خواستی راستەقینە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە بۆ پتەوترکردنی کارە ھاوبەشەکانیان.

لای خۆیەوە سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ئامادەیی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ ھاریکاریکردن لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی پڕچەککردن، مەشق و راھێنان دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە حکوومەتی فەڕەنسا ھەوڵ دەدات، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق پتەوتر بکات.

دوێنێ سێشەممە، سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا بەسەردانێک گەیشتە بەغداد و لە میانیدا لەگەڵ سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق کۆبوویەوە.

فەڕەنسا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، 2000 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم بڵاوکردووەتەوە کە ئەرکیان پێشکەشکردنی راوێژ و مەشق و راھێنانە بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە.

En az 10 karakter gerekli