مەسرور بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەمساڵ ئەنجام بدرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مەسرور بارزانی پێشوازیی کردووە لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق،.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سوید.

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە رێکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی کردووە، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە رێز لە رێککەوتننەکانی نێوان ھەردوولادا بگیرێت، هەروەها پێویستە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت .

لای خۆیەوە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق، ئاماژەی بەوەداوە. سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تاوتوێکراوە.