کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا

ئەگەرچی بڕیاربوو كاتژمێر 17:00ـئ ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێبكاتەوە بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دواخرا.

بە پێی میدیا ناوخۆییەکان كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 بۆ كاتژمێر 20:00ـی ئەمشەو دواخراوە.

تا ئێستا رێكەوتن لەنێوان لایەنەسیاسییەكان لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی ناكۆكیان لەسەرە نەكراوە، بەوهۆیەوە بەشێك لەپەرلەمانتاران نەهاتونەتە هۆڵی كۆبوونەوەكەوە.

شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەكانی 2 و 9 و 10، 11، 12، 13، 18، 19، 20، 21، 23، 24ـی پەسەند كرد و ماددەی 22 سڕدرایەوە.

هەر لەكۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدانی لەسەر ماددەكانی 14 و 15 و 16 و 17ی دواخست، بڕیاریشبوو ئەمڕۆ كاتژمێر 17:00 جارێكی دیكە دەست بەكۆبوونەوەكە بكرێتەوە بۆ پەسەندكردنی تەواوی ئەو بڕگە و ماددانەی كە ماون پەسەند بكرێن.