وەزیرانی نەوتی عێراق و توركیا جەخت لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەن

وەزیرانی نەوتی عێراق و توركیا ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرەی پایتەخت، باسیان لە گرنگی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كرد، دوای تەواوبوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانی نەوت. وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ ئالب ئەرسەلان بەیرقدار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا كۆبۆوە. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و وزە و سامانە سروشتیەكانی توركیا لەدیدارەكەیاندا تاوتوێی كۆمەڵێك بابەتی دووقۆڵی و ناوچەیی بەرژەوەندی هاوبەشیان كردووە. جەختیشیان لە گرنگی هێڵی بۆری نەوتی خاو لە نێوان عێراق و توركیا و دەستپێكردنەوەی ڕۆیشتنی نەوتی خاو كردەوە دوای تەواوبوونی كارە پێویستەكانی نۆژەنكردنەوە و پشكنین، لە دوای ڕووداوی بومەلەرزەكەی مانگی شوباتی ئەمساڵ. لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوو وەزیر جەختیان لە بەرزكردنەوەی ئاسۆی هاوكاری هاوبەش لە بوارەكانی وزە، نەوت و گاز، پەیوەندی كارەبایی و وزەی نوێبوەوە كردەوە لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لیژنەی هاوبەشی ئابووریی عێراق و توركیا كە هەردوو وەزیر سەرۆكایەتی دەكەن، بڕیاریانداوە كۆبوونەوەی 19ەمینی لیژنەكە لە بەغداد ئەنجامبدرێت و دواتریش وادەیەك بۆ ئەو كۆبونەوەیە دیاری بكرێت.