نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە


نرخی نەوت ئەمڕۆ بەهۆی کڕینی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پڕکردنەوەی کۆگەی ستراتژیی نەوتی وڵاتەکەی، بەرزبووەوە.

 دوای ئەوەی نرخەکانی نەوت دوێنێ (دووشەممە) بەڕێژەی 6٪ دابەزی، ئەمڕۆ کەمێک بەرزبوونەوە.

 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 44 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها

نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 45 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 هاوکات حکومەتی ئەمریکا رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 3 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکڕێت بۆ پڕکردنەوەی کۆگەی ستراتیژیی نەوتی ئەو وڵاتە، ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.

 دوێنێ نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دابەزی، سەرەڕای کەمێک بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی، بەڵام بۆ گۆڕانکاریی زیاتر بازرگانان چاویان لە پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

 هیرۆیوکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی ئێن ئێس ترەیدینگ لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "هەرچەندە رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵۆزە، بەڵام بازاڕی نەوت جارێ پێشبینی پێکدادانی زیاتری نێوان ئێران و ئیسرائیل ناکات."