لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی مووچە لە بەغداوە روونکردنەوە دەدرێت

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، تاکاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عیراق لەدەرەوەی یاساکە دەنێردرێت.

سۆزان مەنسوڕ وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە سکاڵا لەسەر یاسای بودجە هەیە، بەڵام رێکارەکانی یاساکە تەواو بوەو لەماوەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

سۆزان مەنسوڕ وای وتیشی ".چاوەڕواندەکرێت دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی عیراق و مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەرەوەی یاساکە دابەشبکرێت، واتە وەک مانگەکانی پێشوو بڕێک پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، پاشان دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی یاساکە حکومەتی عیراق ئەوە بڕە پارانەی ناردویەتی بۆ هەرێم پاکتاوی دەکات".

وتەبێژەکەی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێت: "خەڵکی عیراق پێویستی بەخستنە بواری جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەیە و یاساکە دەتوانێت دەرگای خزمەتگوزاری بەڕوی هاووڵاتیاندا بکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەتوانێت رێژەی بێکاری کەم بکاتەوەو هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت، هەر ئەمەشە وای کردووە گەلی عیراق بە گەشبینییەوە لە یاساکە بڕوانن و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بکەن".