شاندێکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی كێشەی كەمئاوی لە هەولێر دەچێتە سعودیە

شاندێکی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی شانشینی عەرەبی سعودیە دەکات بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەیاندنی كێشەی كەمئاوی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ رزگاركردنی هەولێر لەو قەیرانەی ساڵانە لەوەرزی هاویندا بەخۆیەوە دەبینێت.


پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ژماریەکی تر لە وەبەرهێنەر و پیاوانی کار سەردانی دەکات.

باسی لەوەشکردوە "ئامانجی سەردانەكە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر و سوود وەرگرتنە  لە ئەزمونی سعودیە".

ئەوەشی روونكردۆتەوە، شاندەكەی هەولێر لەسەردانەكەیدا بۆ سعودیە، لەگەڵ وەزیری بازرگانی، وەزیری وەبەرهێنان، ئەمیری ریاز و نوێنەرانی کۆمپانیا سعودییەکان کۆدەبێتەوە".

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، شاندەکەی پارێزگای هەولێر چوار رۆژ لە سعودیە دەمێننەوە و هانی کۆمپانیا سعودییەکان دەدەن بۆئەوەی وەبەرهێنان بهێننە هەولێر و هەرێم.