“رۆژی دووشەممە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەبارەی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز کۆدەبێتەوە”

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد رۆژی دووشەممە رێکەوتی 31ـی تەمووزی 2023، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لەبارەی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز کۆدەبێتەوە.

ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای دووجار داواکاریی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە رێکەوتی 31ـی تەمووزی 2023، کۆبوونەوەی نائاسایی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لەبارەی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز بەڕێوەدەچێت.

سەحاف راشیگەیاند، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە بێڕێزییە دێت کە لە سوید و دانیمارک بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز ئەنجامدرا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و شوێنی بەڕێوەچوونی نەخستووەتەڕوو.

دوای بێڕێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە هەریەک لە سوید و دانیمارک، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە دوو کات و دوو بەیاننامەی جیاجیادا داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کردبوو.

رۆژانی 21 و 22ـی ئەم مانگە، گرووپێکی نەتەوەپەرستی توندئاژۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن، قورئانی پیرۆزیان سووتاند، ھەروەھا ئاڵای عێراق و قورئانی پیرۆزیان فڕێدایە سەر زەوی و پێیان پیادا نا.

ھەروەھا کەسێکی بەڕەچەڵک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم، لەژێر چاودێری پۆلیسدا قورئانی پیرۆزی سووتاندبوو.

ھەر ھەمان ئەو کەسە لە رۆژی ٢٠ی تەمووزیشدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم، لەژێر چاودێری پۆلیسدا ئاڵای عێراق و قورئانی پیرۆزی سووتاند.