“بە بڕیارێکی نوێ نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو نزمدەبێتەوە”
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵەوە سەرقاڵی پەرەپێدانی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی دراوی تایبەت بە هاوڵاتیان و بازرگانە بچوککەکان و لە هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندی چەند بڕیارێک دەردەکات و ئەگەری هەیە نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو نزمبکاتەوە.
عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بە میدیای "العراقیة"ـی راگەیاند، بانکی ناوەندی هەفتانە پشکی دۆلار بەسەر کۆمپانیای ئاڵوگۆری دراو دابەش دەکات بۆ ئەوەی بە نرخی فەرمی بە گەشتیارانی بفرۆشن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر گەشتیارێک بڕی سێ هەزار دۆلاری پێدەفرۆشرێت و دەتوانن دۆلار تەنها لەو کۆمپانیایانە پەیدا بکەن کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتی فەرمی مامەڵەی دراویان پێبەخشراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دابینکردنی دۆلارە بۆ گەشتیاران بە نرخی فەرمی و بە بڕی دیاریکراوی بانکی ناوەندی و لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانکی ناوەندی سەرقاڵی پەرەپێدانی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی نوێیە و لە رێگەیەوە جگە لە بازرگانان هاوڵاتیانیش دەتوانن مامەڵەی دراوی بیانی تێدا بکەن.
باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی لە رێگەی ئەو سەکۆ نوێیەوە دۆلاری بازاڕەکان بۆ توێژی بازرگانە بچووکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دابین دەکات و چەند پێشنیازێکیش ئاڕاستەی دەستەی گومرگ و خاڵەسنورییەکان کراوە بۆ ئەوەی هەر بازرگانێک کەلوپەلی داغڵی عێراق کرد دڵنیابکرێتەوە کە داتای پارەی ئەو کەلوپەلە لە بانکی ناوەندی بوونی هەبێت.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی روونیکردەوە، بانکی ناوەندی چەند بڕیارێکی لە بارەی کەرتی بانکییەوە دەرکردووە و لە هەفتەی داهاتووش چەند بریڕاێکی دیکە دەردەکات و ئەگەری هەیە هاوکار بێت لە نزمکردنەوەی نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو.