ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکات، لەوانە پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەخرێتەڕوو. لە تەوەری دووەمدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگای دیالە و موسڵ دەکرێت. هەر بە گوێرەی بەرنامەی کار، لە تەوەری سێیەمدا، بابەتی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق و هەرێم دەخرێتەڕوو. هاوکات، لە تەوەری چوارەمدا باسی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکرێت.