سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی گزیکردن و ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق سفر دەبێت و دەرفەت بۆ هیچ لایەنێک نییە ساختەکاری بکات.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا بە هیچ شێوەیەک ساختەکاری ناکرێت و ئەوەی کارتی بایۆمەتری پێ نەبێت ناتوانێت دەنگبدات.
وتیشی، دەیان ئامێری ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو لەکاتی دەنگدان بەکاردەهێنرێت و هەموو بڕگەکانی نەخشەپلانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکان جێبەجێکراون.
سەرۆکی کۆمیسیۆن جەختیشکردەوە کە رێژەی گزیکردن و ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق سفرە و دەرفەت بۆ هیچ لایەنێک نییە ساختەکاری بکات و ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە کاتژمێر 7:00 کار دەکەن و لە کاتژمێر 18:00 دەوەستن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی یاسا هاوڵاتیانی هەندەران ناتوانن دەنگبدەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆن باسی لەوەشکرد، داوایان لە باڵیۆز و کونسوڵگەرییەکان کردووە چاودێربن لە رۆژی هەڵبژاردندا.