سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا جه‌ختی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه و باسیان له دۆسیه‌ی وزه و په‌ره‌پێدانی نه‌وت و كه‌رته پیشه‌سازییه‌كان كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه فه‌رمیه‌كه‌یدا بۆ مۆسكۆ، محه‌مه‌د شیاع سوودانی له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتین سه‌رۆكی فیدراسیۆنی رووسیا كۆبۆوه.
له میانی دیداره‌كه‌دا كه شاندی فه‌رمی عێراق و لایه‌نی رووسیا به‌شداربوون، په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و میكانیزمه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی هاریكاری هاوبه‌ش له بواره جیاجیا گرنگه‌كاندا تاوتوێكران، دیارترینیان دۆسیه‌ی وزه و په‌ره‌پێدانی نه‌وت و كه‌رتی پیشه‌سازی، هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بوونی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی رووسیا له عێراق، كه جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له بواری وه‌به‌رهێنان له چوارچێوه‌ی دیدگای حكومه‌ت و ستراتیژییه‌كه‌ی بۆ پێشخستنی ئابووری عێراق و هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی دروستكردوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش و پێشهاته جیددییه‌كانی رووداوه‌كانی ئێستای ناوچه داگیركراوه‌كانی فه‌ڵه‌ستین كران، له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵوێستی پته‌وی عێراقی له‌باره‌ی پرسی فه‌ڵه‌ستین دووپاتكرده‌وه كه “مافی ژیانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین به كه‌رامه‌ت و دادپه‌روه‌ری دووپاتده‌كاته‌وه”، داوای له رووسیا كرد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌نگاوی به‌په‌له بگرێته‌به‌ر بۆ ڕاگرتنی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌ر فه‌ڵه‌ستین.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی رووسیا ئاماژه‌ی به قوڵایی په‌یوه‌ندییه مێژوییه‌كانی نێوان عێراق و وڵاته‌كه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌رتی وزه مه‌یدانێكی ئومێدبه‌خش و كراوه‌یه به‌ره‌و هاریكاریی به‌رهه‌مدارتر و كاریگه‌رتر.
سه‌رۆكی رووسیا پێشوازی له به‌شداریكردنی محه‌مه‌د شیاع سوودانی كرد له شه‌شه‌مین دانیشتنی كۆڕبه‌ندی هه‌فته‌ی وزه‌ی رووسیا كه بڕیاره سبه‌ی چوارشه‌ممه به‌ڕێوه‌بچێت، به ده‌رفه‌تێكی گرنگ بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات له په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی وزه و نه‌وت و غاز وه‌سفیكرد.
سه‌باره‌ت به‌ڕوداوه‌كانی فه‌ڵه‌ستینیش، ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی روسیا ئاماژه‌ی به‌و جموجۆڵ و هه‌وڵانه كرد كه ده‌درێت بۆ راگرتنی ده‌ركه‌وته ئه‌منیه مه‌ترسیداره‌كان كه رویان له هه‌ڵكشان كردوه.