وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت

وتەبێژی سەرۆکایەتیى هەرێم رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. دەشڵێت، "هیچ حیزبێک ناتوانێت دەستێوەردانی تێدا بکات." ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب وتەبێژى سەرۆکایەتیی هەرێم رایگەیاند، وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە و هیچ حیزبێک ناتوانێت دەستتێوەردانى تێدا بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانى کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێى بەرنامەیەکى تایبەت بەڕێوە دەچن. هاوکات، لێدوانەکەی وتەبێژى سەرۆکایەتیى هەرێم دوای 24 کاتژمێر لە هۆشدارییەکەی پلاسخارت دێت کە ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە وادەی خۆی زیاتر دواکەوتووە و پێویستە لەو وادەیەی دیاریکراوە ئەنجام بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، کە لەلایەن کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت و لە ژێر چاودێریی وردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت.