وەزارەتی ئەوقاف: بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی دیکە نابەستین

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی راگەیاند، سبەی چاودێری بینینی مانگ دەکەن و لیژنەی باڵای بینینی مانگ خۆی بڕیار لەسەر دیاری کردنی جەژن دەدات و پشت بە هیچ سەرچاوەیەک دیکەی بواری توێژینەوەی فەلەکناسی نابەستێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە میدیاکانی راگەیاند، سبەی دووشەممە، لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆدەبێتەوە بەمەبەستی دیاری کردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان. ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی کاتژمێر پێنجی ئێوارە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لیژنە لاوەکییەکانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بە شێوازی سەیرکردنی تەلیسکۆب و شێوازی کۆن بە چاودێریکردن لەلایەن خەڵکی شارەزاوە چاودێری بینینی مانگ دەکەن. ئەوەشی خستەروو، ئەگەر سبەینێ بە بەڵگە مانگ ببینرێت ئەوا رۆژی سێشەممە 9ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژن دەبێت، بەڵام ئەگەر سبەینێ مانگ نەبینرێت، ئەوا رۆژی سێشەممە تەواوکاری مانگی رەمەزان دەبێت و رۆژی چوارشەممە 10ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژن دەبێت. باسی لەوەش کرد، لیژنەی باڵای بینینی مانگ خۆی بڕیار لەسەر دیاری کردنی جەژن دەدات و پشت بە هیچ سەرچاوەیەک دیکەی بواری توێژینەوەی فەلەکناسی نابەستێت. لای خۆیەوە، ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی رایگەیاند، سبەی دووشەممە بینینی مانگ لە زۆرینەی وڵاتان مەحاڵە بەهۆی ئاوابوونی مانگ پێش خۆر و رۆژی سێشەممە مانگ بە ئاسانی دەبینرێت، هەربۆیە رۆژی چوارشەممە 10ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.