پوتین ئامادەیە رووبەرووی ناتۆ ببێتەوە

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا دوای کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا، لیستی دۆسیە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پوتن رایگەیاند، هیچ کەسێک نایەوێت رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەنێوان هێزەکانی ناتۆ و رووسیا لە سووریا رووبدات، وتیشی: ئەگەر کەسێک بیەوێت، رووسیا ئامادەیە.

وتیشی: هێزەکانی رووسیا ساڵانێکە لەسەر داوای دیمەشق لە سووریا ئامادەن بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە، لە رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی و هێزەکانی ناتۆ لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئۆپراسیۆنەکانی سووریا هەمیشە هۆکارێک بووە بۆ نیگەرانیە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە پێکدادانێکی نەخوازراو کە رەنگە مژدەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی رووسیا و ئەمەریکا بێت.

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا رەتیناکاتەوە گفتوگۆ لەسەر ئۆکرانیا بکات، دەشڵێت: دەستپێشخەریی ئاشتی ئەفریقا و هەروەها دەستپێشخەری چینیش دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئاشتی.

بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە، کە لە کاتێکدا سوپای ئۆکرانیا لە هێرشدایە، جێبەجێکردنی ئاگربەست قورسە.

پوتن لە ئەگەری بەشداریکردنی لە لوتکەی گروپی 20 لە ئەیلوولی داهاتوو لە هیندستان گوتی: هێشتا بڕیاری نەداوە بەشداری بکات یان نا.