سهرۆكی حكومهتی ههرێم رایگهیاند، لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەندراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیری هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیڕی حکومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ریسایکل بکرێت و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئهمڕۆ سێشهممه کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە، کە بەپێی پێوهر و ستانداردە پێشکەوتو و سەردەمییەکان و ژینگەپارێزی دروستکراوە و یەکەمین پڕۆژەی لەو جۆرەیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێم.
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەو پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەت لە پێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری ئەنجام دەدرێت، “ئەوە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیڕی کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا”.
مەسرور بارزانی دهڵێت، “لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەندراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیڕی هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیڕی حکومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ریسایکل بکرێت و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەوەش بێگومان لەڕوی ئابوریشەوە سودی دەبێت”.
سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە، “ئەوە دەستپێکە بۆ ئەوەی بتوانین کارگەی هاوشێوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم دروست بکەین، داوا لە کەرتی تایبەت دەکەین ئەوانیش پڕۆژەی هاوشێوە دروستبکەن، تا زیاتر بتوانین سود لەو کەرهستانەی پێشتر فڕێدەدران وەربگرین، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەی هەیە کە لە هەموو روویهکەوە پەرە بە کولتوری ژینگەپارێزی بدات”.