وادەی دابەشکردنی مووچە راگەیەندرا

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە میدیاکانی راگەیاند؛ ئەمڕۆ رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکەی بەغداد ئەنجام دەدرێت و دوای ئەوەی پارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، راستەوخۆ دەستبەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

بەوتەی سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، دوای گەیشتنی پارەکە موچەی مانگی حەوت دابەش دەکرێت و حکومەت بەرنامەی نیە دەستکاری خشتەی مانگەکان بکات و ئەوەشی باس لە پاشکەوتی مووچە دەکرێت، دورە لە ڕاستییەوە.

سەبارەت بە خشتەی مووچەش، ئەو سەرچاوەیە وتیشی:"بەگەیشتنی پارەکەی بەغداد، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا تەواوی وەزارەتەکان و دەستەکان مووچە وەردەگرن و بۆ ئەوەش پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچە و دابەشکردنی رابگەیەندرێت".

لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو، وەزارەتی دارایی وئابوویی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "سەبارەت بەو ٧٠٠ ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەمووز تەرخان دەکرێت".