ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبیتەوە و بڕیار لەبارەی مووچەوە دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران بدات.

پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات لە سەرەتاشدا مووچەی ئەو توێژانە دابەشدەکرێت کە مووچەکانیان کەمە.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم، پەیوەست بە داھاتەکان و دابەشکردنی مووچە فەرمانبەران رایگەیاند، ٥٠٠ ملیارەکەی بەغداد و داھاتی ناوخۆ کە مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارە، بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات کە مانگانە تەنھا بۆ مووچە وەزارەتەکەی پێوستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە، بەو پێیەش زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە کورتھێنان ھەیە.