عێراق:هیچ بڕیارێکی دیاریکردنی سنوور لەگەڵ کوەیت نەدراوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی بڕیاری دیاریکردنی سنوور لەگەڵ کوەیت لە ساڵی 1994، رایگەیاند، کە هیچ بڕیارێکی دیاریکردنی سنوور لەگەڵ کوەیت نەدراوە ئەو دۆسیەیە لە ساڵی 2003وە گۆڕاوە بۆ دۆسیەیەکی سیاسی ناوخۆیی، دەشڵێت، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە دەوروژێن ئامانجیان ئیبتزاز و فشاری سیاسییە".

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق  ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، "دۆسیەی سنووری عێراق و کوەیت لە ساڵی 2003 تا ئێستا گۆڕاوە بۆ دۆسییەکی ئیبتزازی سیاسی، بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و تۆمەت لەلایەن کوتلە و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بۆ ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە هەموو حکومەتەکانی پێشوو، بە بیانوی ئەوەی ئەو حکومەتانە سنووری عێراق -کوەیتیان پشتگوێ خستووە، بێگومان ئەوەش بەس درۆیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، سنورەکان لە 10ـی تشرینی دووەم 1994 کێشراون، کە دوو کۆبوونەوە لەلایەن دامودەزگاکانی ڕژێمی پێشوو لەوکاتەدا ئەنجامدرا، یەکەمیان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پێشووی نیشتمانییە لە 10ی تشرینی دووەم ساڵی 1994 و بڕیاری پابەندبوون بە بڕیارنامەی ژمارە 833ـی ساڵی 1993ی نەتەوەیەکگرتوەکان و دانپێدانانی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان کۆماری عێراق و دەوڵەتی کوەیت.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، لەهەمان ڕۆژدا بڕیاری ئەنجومەنی فەرماندەی شۆڕشی هەڵوەشاوە ژمارە (200) دەرچوو، کە لەلایەن ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشەوە بە پشتبەستن بەو بڕیارەی ئەنجومەنی نیشتمانی سەبارەت بە سنورەکانی عێراق و کوەیت دەرچووە، دانی پێدا ناوە، لە بڕیارنامەی ژمارە 200ـی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش کە لە 10ی تشرینی دووەمی 1994 دەرچووە، 4 بڕگە هەیە.

ئەوەشی خستەڕو، شاندێک لە عێراق و شاندێکی دیکە لە کوەیت و لیژنەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، پشتوانیەکانی کوەیتیان وەک پێشتر لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە کێشرابوو، جێگیرکرد و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهات.

باسم عەوادی دەشڵێت، "بڕیارەکە تەنها بۆ دیاریکردنی سنوورە وشکانییەکانە و بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان نییە"، وتیشی، دوای ساڵی 2003 پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوەیت باشتربوو، باڵیۆزخانەکانیش کرانەوە و پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەستیان بە بەردەوامبوون کرد.