سوودانی جەخت لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕگەکانی بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و دەبێت وەک خۆی جێبەجی بکرێن. رۆژی هەینی، نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، مەندەلاوی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە و جەختیان لەسەر جێبەجێ کردنی سەرجەم بڕگەکانی بودجە و خزمەت گوزاریەکان کردووەتەوە. باسی لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا مەندەلاوی جەختی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن کردووەتەوە. رێکەوتی 13ـی ئازارى 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەياسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد و لە بەرواری 26ـی حوزایران رۆژنامەی فەرمی عێراق یاسای بودجەی بڵاوکردەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە. یاسای بودجە، بودجەی سێ ساڵی عێراق لەخۆدەگرێت و بڕی تەرخانکراو بۆ بودجەی هەر ساڵێک نزیکەی 199 ترلیۆن دینارە و لەو بەشەش 16 ترلیۆن دیناریشی پشکی هەرێمە.