ئەمڕۆ کۆتا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان

 ئەمڕۆ وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حزب و کاندیدانی سەربەخۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 24ی ئەم مانگە بۆ جاری دووەم، سێ رۆژ ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی درێژ کردەوە و بەگوێرەی بڕیارەکە، تاوەکوو کۆتایی دەوامی ئاسایی ئەمڕۆ 27ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت.

ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان سەرەتا لە 8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 13ی مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی دەوامی ئاسایی، ماوەکەی تاوەکوو دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024 درێژکردەوە.

کۆتایی هاتنی وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژێک دوای دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن دێت لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

دوێنێ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.