ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم: دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەربگرن

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی خواستی حکوومەتی ناوەندی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "پڕۆژەی 'هەژماری من' پرۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و حیسابی بانکیان لە هەژماری منەوە مووچە وەربگرن".

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوویەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەنجوومەنەکە وەک کارنامەی کۆبوونەوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرای کردووە، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران وێرای تاوتوێکردنی چەند پرسێک، دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی لە لایەن بەغدای تاوتوێ کردووە.

بە پێی بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی لەسەر هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خستووەتەڕوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بە بڕی ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن و ١٤٦ هەزار و ١٧٠ دینار ملیار دینار. بەڵام وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٩ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا لەسەدا ٥٩ لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت".

وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (توطين) لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق.

لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی هەژماری من کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی (توطين)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و (هەژماری من) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن وسوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە (هەژماری من)یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی (توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە".

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.