فەیسبووک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەکانی گرژییەکانی ئیسرائیل رێکخستن ئەنجامدەدات

کۆمپانیای "مێتا پلاتفۆرمز" رایگەیاند، رێکخستنی نوێ دەکەن لە بەشی بڵاوکردنەوەکانی فەیسبووک لە بارەی گرژییەکانی غەززە، بە شێوەیەک هەر کەسێک کۆمێنت لەسەر ئەو بڵاوکراوانە بکات تەنها لای هاورێکانی دەربکەوێت و لای بەکارهێنەرانی گشتی دەرنەکەوێت، هەروەها کۆمێنتەکانی سەرەتای ئەو جۆرە بڵاوکراوانە دەشارنەوە. کۆمپانیای "مێتا پلاتفۆرمز" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، چەند رێکخستنێک دەکات بۆ ئەو کەسانەی لەسەر بڵاوکراوەکانی فەیسبووک رەخنە لە بارەی "ناوچەکە" دەنووسن، بە شێوەیەک تەنها لەلای هاوڕێکانی کۆمێنتەکە دەربکەوێت. ئاماژە بەوەشکراوە، لەو رێکخستنانەدا رێگری لە نیشاندنی کۆمێنتەکانی سەرەتای بڵاوکراوەکانی فەیسبووک دەگرن، واتە تاوەکو بەکارهێنەر کلیک لە پۆستەکە نەکات، کۆمێنتەکان نابینێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، سیاسەتی ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵکە، ئەو سیاسەتانەش بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە هەموو جیهاندا جێبەجێکراوە، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن مێتا "دەمی خەڵک دادەخات" دوورن لە راستییەوە. لە ماوەی رابردوو چەند چاڵاکوانێکی هەریکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام، رەخنەیان ئاڕاستەی کۆمپانیای مێتا کرد، چونکە ئەو ناوەڕۆکانەی لە بارەی خەڵکی فەڵەستین بڵاویان دەکردەوە بینەر یاخو کاردانەوەیەکی کەمی بۆ دەهات.