سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم روونکردنەوە دەدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەبێت لەمەودوا بەغداد لە وادەی خۆیدا پشکی هەرێم و شایستەی دارایی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت چونکە هیچ پاساوێک بۆ نەناردنی نەماوە.


شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، مەرجە لەم مانگەوە حکومەتی بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ نەناردنی پشکی هەرێم نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە سبەینێوە لەسەر بەغداد مەرج دەبێت مانگانە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بنێردرێت و ئەو یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێندراوە و دەبێت شایستە داراییەکان لە وادەی خۆیان بگەنە هەرێم.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی یاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاودەکرێتەوە.

پەرلەمانی عێراق بودجەیەکی خاوەن قەبارەی 153ملیار دۆلاری لە رێکەوتی 12ی حوزەیران بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد و 12.6٪ بودجە وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە.

بەوشێوەیە مانگانە نزیکەی 1.6 ترلیۆن دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پشکی ساڵانەی هەرێم نزیکەی 18 بۆ 20 ترلیۆن دینارە.