وادەی ناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم راگەیەندرا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە رێنمایی تایبەت بە یاسای بودجە دەربكرێت دەبێت تا كۆتایی ئەم مانگە مووچە و بودجەی هەرێم بە تەواویی لە لایەن بەغدادەوە رەوانە بكرێت.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە میدیاکانی راگەیاند، ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە هەناردەی نەوتەوە نییە، بەو پێیەی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە نەوت رادەستی بەغداد بكات و گرفتەكە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوەیە لەنێوان عێراق و توركیا و لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە كە هەناردەی نەوت راگیراوە حكومەتی عێراق پابەندییە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر هەناردەی نەوت دەستپێنەكاتەوە دەبێت هەرێم نەوتەكە رادەستی بەغداد بكات و بۆ پێویستی ناوخۆی پێبڕبکرێتەوە و دوای دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ یاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەبێت لەم مانگەوە حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێم بە تەواویی بنێرێت.