سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق دڵنیایی دەدات و دەڵێت: ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە کە ئەگەر داهاتی نانەوتی رادەست بکرێت یان نا، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی ناردنی مووچە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت، بەڵام جەختیشی کردەوە لەوەی کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی بەغداد بکات.
سوودانی وتی: ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە خەرج دەکرێت.
لەبارەی پرۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، سوودانی رایگەیاند؛ کە بانکی تی بی ئای دەستی بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردووە بەڵام پێویستی بە کاتە تاوەکو تەواو دەبێت و دڵنیاییشیدا لەوەی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە تاوەکو ئەوکاتەی تەوتین تەواو دەبێت.