هاتووچۆ روونكردنەوە لەبارەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 دەدات

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر روونكردنەوە لەبارەی هاوردەكردن و تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 دەدات و رایدەگەیەنێت، "ئەو ئۆتۆمبێلانە تاوەكو 1ی (ئەیلول/9) تۆمارناكرێن.
 
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، "پرسیارێكی زۆرم لێدەكرێت،كەی ئوتومبێلی مۆدیل 2024 تۆمار دەكرێت؟".

راشیگەیاندووە، "بەپێی ڕێنمایی هەمو ساڵێك لەرۆژی 1ی (حوزەیران/6)ەوە ئۆتۆمبێلی مۆدیلی ساڵی داهاتو داخڵ دەكرێت و لەكۆمپانیاكان دەفرۆشرێت، بەڵام تۆماركردنیان لەڕۆژی 1ی (ئەیلول/9)ەوە دەستپێدەكات،واتا پاش سێ لە هاوردەكردنیان تۆماردەكرێن".

ئەوەشی روونكردۆتەوە، "سەبارەت بەوەی كە لەرۆژی كڕینیەوە تاوەكو ڕێگاپێدان بۆتۆماركردن ئەگەر لە 60 ڕۆژ زیاتر بو، ئایا سزادەدرێن؟ ئەوەشیان وەڵامەكەی نەخێرە و هیچ سزایەكی دواكەوتن نیە".

هەر بەگوێرەی رێنماییەكان، رێگە دەدرێت بەهاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی دوو مۆدێل (كۆنتر) لەمۆدێلی ساڵ و لە 1ی (ئەیلول/9)ی هەمو ساڵێكیشەوە ئەو بڕیارە نوێ دەكرێتەوە، واتە لەمساڵدا تەنها رێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی 2023 لەگەڵ دو ساڵی پێشتر واتە 2021 و 2022 دەدرێت.