وەزیری دارایی: بۆ سێیەمجار داتا و ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێممان بۆ بەغداد پشتڕاستكردەوە

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییمان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، “بۆ سێیەمجار داتا و ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێممان بۆ بەغداد پشتڕاستكردەوە". بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ شاندێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كۆبووەوە و لە دیدارێكدا باس لە دوایین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرا و وەزیری دارایی رایگەیاند، “توانیوویانە بۆ سێیەمجار داتاو ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگای دیوانی چاودێریی داراییەوە بۆ حكومەتی عێراق پشتڕاستبكەنەوەو خەرجی و داهاتەكانیش بە راپۆرتێكی ورد و پڕ زانیاری پێشكەشبكەن. ئاوات جەناب نوری راشیگەیاند، “وەك وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەكاریمان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. هەر لە دیدارەكەدا وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر هەنگاوەكانی پڕۆژەی هەژماری من بۆ شاندەكە خستەڕوو ڕایگەیاند (هەژماری من) پرۆژەیەكی گرنگە بۆ چاكسازی و پەیڕەوكردنی شەفافییەت لە قۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەتیش هەژمارەكەیان بۆ دەكرێتەوە.