پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە لەبارەی دۆخی کەرکووک

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە دەبێت كەركووك نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت.

راشیگەیاندووە، "داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج".

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.

ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپاتكردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.

لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.

مسعود بارزانی
2ی ئەیلوولی 2023