سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ ئوردن هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌

بڕیار بوو ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بگاتە وڵاتی ئوردن و بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی چواریدا بکات، بەڵام بە بڕیاری شای ئوردن سەردانەکە و کۆبوونەوەکەش هەڵوەشێندرانەوە. ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی لوتکەی چواری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای شای ئوردن لە عەممان لەبارەی دۆخی فەلەستین بەڕێوە بچێت، بەڵام لەدوای رووداوەکانی شەوی رابردوو شا عەبدوڵا کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە. بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئوردن، لەدوای رووداوەکانی شەوی رابردوو کۆبوونەوە لەگەڵ بایدن هیچ سوودێکی نییە، واشنتۆن توانای وەستاندنی ئەم جەنگەی نییە. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ ئوردن دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ بۆردوومانكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی غه‌ززه‌ دێت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆی كوژران و برینداربوونی هه‌زاران كه‌س.