شەش بەرپرسی فرۆکەخانەی بەغداد لەکارەکانیان دوورخرانەوە

بەهۆى دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد، ژمارەیەک بەرپرسى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق لەکارەکانیان دوورخرانەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لیژنەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق بۆ زانینى هۆکارى دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد لە رۆژى 31ـى 8ـى 2024، لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەیان بەوەکردووە، بۆ گرەنتیکردنى پاکى لێکۆڵینەوەکان و کاریگەریى دروستنەکردن لەسەر رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان، داوادەکەن ژمارەیەک بەرپرسى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق تاوەکو کۆتایى هاتنى لێکۆڵینەوەکان کە ماوەکەى لە 60 رۆژ تێناپەڕێت، دووربخرێنەوە.

بەگوێرەى نووسراوەکە، ژمارەی بەرپرسە دوورخراوەکان 6 کەسن و یەکێک لەوانەش مەناف عەبدول مونعم، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراقە بە وەکالەت.

لە نووسراوەکەدا داواشکراوە، هەروەها بەڕێوەبەرانى بەشەکانى "بازرگانى، پرۆسەکانى فڕۆکەوانى، هونەرى، بەرپرسى ئیدارەدانى بازرگانى/ بەشى بازرگانى و بەرپرسى ئیدارەدانى جوڵەى فڕۆکەوانى/ بەشى جوڵەى فڕۆکەوانى" بۆ هەمان مەبەست لەکارەکانیان لاببرێن.

بەگوێرەى نووسراوەکە، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق رەزامەندیداوە بە لەسەرکارلابردنى ئەو بەرپرسانە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت.