دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستیپێکرد

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت مافی ده‌نگدانیان هەیە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە 15 پارێزگاکە دەکەن، کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.

هەروەها دوای 18 ساڵ، ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەو شارە بەڕێوەنەچووە.

رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو، کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان بوو.