وەزارەتی دارایی: زیاتر لە 74 ملیار دینارمان لە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا نارد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

ئەمڕۆ 1ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند : 74 ملیار و 844 و ملیۆن و 532 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بە گوێرەی یاساى بودجەى گشتى عێراق، بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، دەبێت 50%ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان و داهاتى نانەوتى رادەست بکرێت.

پێشتر هەولێر و بەغدا رێککەوتنى بەراییان کردووە بۆ ئەوەى 50%ى داهاتى نانەوتى بە نەختینەیی بخەنە سەر هەژمارێکى  وەزارەتى دارایی تایبەت بەو داهاتە.