حکومەتی عێراق بە پشکی هەرێم قەرزەکانی بانکی تى بى ئاى دەداتەوە

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا وەزارەتى دارایى عێراق قەرزەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە بانکى تى بى ئاى وەرگرتووە بداتەوە و لە پشکى هەرێمى کوردستان ببڕدرێت.

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا وەزارەتى دارایى عێراق پابەند کرا ئەو قەرزانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بداتەوە کە لەساڵانى 2023 و 2024 لە بانکى تى بى ئاى وەریگرتووە.

بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق "بڕی قەرزەکەی بانکی TBI لەلای هەرێمی کوردستان دەگاتە 636 ملیار دینار بۆ هەر ساڵێک و تایبەتن بە ساڵانی 2023 و 2024، ئەو پارەیەش لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2024 دەبردرێت".

لە پاش ساڵی 2014 نزیکەی هەشت ملیار دۆلار لە بانکی بازرگانی عێراق و بانکە ئەهلییەکان لە لایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەکارهات،لەئێستادا سێ ملیار و 736 ملیۆن دۆلاری قەرزی بانکی بازرگانی عێراق ماوە و نەدراوەتەوە.