سەرۆککۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاند “دەبێت زمانی سازان و لێکتێگەیشتن، بکەینە بناغەی کاری ھاوبەشمان“.
عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی-دا کە ئەمڕۆ لە دەڤەری بارزان بەڕێوەچوو، راگەیاند کاتی ئەوە ھاتووە، ھەمووان ھەوڵبدەن بە تەبایی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن و وتیشی: “دەبێت زمانی سازان و لێکتێگەیشتن، بکەینە بناغەی کاری ھاوبەشمان”.
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئێستا دەرفەتێکی باش ھاتووەتە ئاراوە و پێویستە ھەموومان ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و گفتوگۆی ئاشتییانە ئەنجام بدەن و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێن بۆ ئەوەی بتواندرێت ژێرخانی وڵات ببوژێندرێتەوە.
وتیشی: “ئێستا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیازی جیددیان ھەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان”.